گرنگترین


چیمەن،الثيل,النجيل,turf,lawn

زۆر هۆکاری جیاواز هەیە بۆ زەردبوونی چیمەن یان دروستبوونی پەڵە تێیدا کە بەشێوەیەکی گشتی دەتوانرێت لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت بکرێتەوە:
١) جۆری چیمەن: چیمەن جۆری زۆرە و هەر یەکەیان بۆ کەش و هەوا و ژینگەیەکی تایبەت دەبێت، ئەو چیمەنەی کە هەڵدەبژیدرێت ئەگەر گونجاو نەبێت لەگەڵ کەش و هەوای کوردستان دەکرێت لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا کێشەی بۆ دروست ببێت و تووشی نەخۆشی ببێت.
٢) بڕین: یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی بەهێزکردن و جوانهێشتنەوەی چیمەن بریتیە لە بڕین، بەڵام بڕین ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی ئەنجام نەدرێت یاخود هەر ئەنجام نەدرێت، دەکرێت هۆکاربێت بۆ دروستبوونی پەڵە یان زەردبوونی بەشێکی چیمەنەکە، کێشەکانی بڕینی چیمەن بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت پۆلێن بکرێن بۆ چوار جۆر:
یەکەم: بڕینی قووڵ، کاتێک بەشێکی زۆری گەڵای چیمەنەکە دەبڕدرێت، ڕووبەری گەڵای چیمەنەکە کەم دەکات (کە بریتیە لە کارگەی بەرهەمهێنانی خۆراک بۆ چیمەنەکە) بۆیە چیمەنەکە ناچار دەبێت خۆراک لە گەنجینەکانی خۆراکی ڕەگەکانی ڕابکێشێت بۆ بەردەوامیدان بە گەشە سەندن، دووبارە بوونەوەی ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆکار بۆ لاوازبوونی ڕەگی چیمەنەکە و کەمبوونەوە خۆراگڕی لەبەرامبەر کاریگەرییەکانی کەش و هەوا.
دووەم: ناڕێکی لە ماوەی نێوان بڕینەکان، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی ئاستی بەرزی جیاواز لە بڕینەکاندا و ڕەگی چیمەکەنە لە هەموو ڕووبەرەکەدا یان لە چەند بەشێکیدا لاواز دەکات، بەشێوەیەکی گشتی بڕینی چیمەن نابێت لە ڕێژەی ١/٤ یان ١/٣ ڕووبەری گشتی گەڵاکەی زیاتر بێت.
سێیەم: بەجێ هێشتنی پاشماوەی بڕین لەسەر چیمەنەکە بەڕێژەیەکی زۆر، بە تایبەت لە کاتی بوونی گەرمای زۆر یان ڕتوبەتی زۆردا هۆکارێک دەبێت بۆ گەشەکردنی نەخۆشی لەو بەشانەدا.
چوارەم: کولی و خراپی مشارەکانی چیمەن بڕەکە، کە زۆرجار دەبێتە هۆی لەت بوون ڕووشاندن و کڕاندنی گەڵاکانی چیمەنەکە و دروستبوونی تۆنی جیاواز لە ڕەنگەکەیدا.
٣) فێرتیلایزەر و مەوادی کمیایی ئەگەرچی پێنەدانی فێرتیلایزەر و خۆراکی تایبەت بۆ چیمەنەکە لە کاتی خۆیدا نابێت هۆی لە ناوبردنی چیمەنەکە بەڵام هۆکارێکە بۆ ئەوەی چیمەنەکە ڕەونەق و جوانی خۆی لەدەست بدات، بەشێوەیەکی گشتی کێشەکانی پەیوەست بە فێرتیلایزەر و مەوادی کیمیای دەکرێت پۆلێن بکرێت بۆ ئەم جۆرانەی خوارەوە:
یەکەم: ناچوونیەکی لە پرژاندنی مەوادی فێرتیلایزەر بەسەر چیمەنەکەدا هۆکارێکە بۆ بوونی چەند تۆنی جیاوازی ڕەنگی لە سەوزەوە بۆ زەرد لە بەشە جیاوازەکانی چیمەنەکەدا.
دووەم: سووتانی چیمەنەکە، بەکارهێنانی بڕی زیاد لە پێویستی فێرتیلایزەر یاخود بەکارهێنانی لە کاتێکدا کە گەڵاکانی چیمەنەکە تەڕە، دەکرێت ببێتە هۆی سووتانی چیمەنەکە، فۆرمی تواوەی نایترۆجین دەکرێت ببێتە هۆکاری سووتاندن، بۆ خۆ بەدوور گرتن لەم کێشەیە تەنها بڕی پێشنیار کراو لە فێرتیلایزەر بەکاربهێنە ئەویش کاتێک کە چیمەنەکە ووشکە، ئەگەریش گونجا دوای بەکارهێنانی ئاوی بدە.
سێیەم: دروستبوونی پەڵەی سەوز-زەرد لە ناو چیمەنەکەدا دەکرێت هۆکاری کەمی نایترۆجین بێت ئەگەر بەکارهێنانی فێرتیلایزەری نایترۆجین ئەم کێشەیەی حەل نەکرد، ئەوا ئەگەری زۆرە هۆکارەکەی نەبوونی بڕی ئاسنی پێویست بێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانرێت سەلفەیتی ئاسن بەکاربهێنرێت.
چوارەم: بەکارهێنانی بڕی زیاد لە پێویستی کوژەری بژار دەکرێت ببێتە هۆکاری زیان گەیاندن بە چیمەنەکە.
٤) ڕتوبەت و سیستەمی ئاودان: یەکێک لە خاڵە زۆر هەستیارەکانی تایبەت بە چیمەن بریتیە لە سیستەمی ئاودانەکەی، کێشەکانی پەیوەندیدار لەگەڵ ئاودان و ڕتوبەت دەکرێت لەم چەند خاڵەدا کۆبکرێتەوە:
یەکەم: بەکارهێنانی سیستەمی ئاودێری ئۆتۆماتیکی خاڵێکی جەوهەریە بە تایبەت بۆ ووڵاتی ئێمە بە مەبەستی ڕێکخستنی کات و بڕی ئاودان و کەمکردنەوەی مەسرەفی ئاو بە گشتی، بەکارنەهێنانی سیستەمی ئاودێری ئۆتۆماتیکی، یاخود دیزاین و بەکارهێنانی سیستەمەکە بەشێوەیەکی هەڵە، بە تایبەت لەڕووی ڕێکخستنی بڕی ئاوی پێویست کە دەبێت بگاتە هەر بەشێک.
دووەم: ئاودانی ڕووبەرێکی چیمەن زیاتر لە پیاڕۆیی خاکەکە، دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئاو و هەروەها چینێکی ڕووکاری تەنک دروست دەکات کە زۆرجار ڕێگر دەبێت لە چوونە خوارەوەی مەوادی خۆراکی و هەوا و ئاو، هەروەها ئەم چینە هۆکارێک دەبێت بۆ گەشە سەندنی جۆرە جیاوازەکانی بژار.
لە هەمانکاتدا ئاودانی تەنک و کورتخایەن چینی سەرەوەی خاکەکە لە خاڵێکی تێربوونی نەگۆڕدا ڕادەگرێت و ئەمەش پاڵنەرێک دەبێت بۆ دروستبوونی ڕەگی تەنک و کورت و چیمەنێکی لاواز، کە بەردەوام کراوەیە بۆ نەخۆشی و هێرشی مێرووەکان و هەروەها خراپبوون بەهۆی فشاری دەرەکی و هاتووچۆکردن بەسەریدا.
سێیەم: هەندێکجار هۆکاری دروستبوونی پەڵە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێکی چیمەنەکە وەک بەشەکانی تر ئاو و ڕتوبەتی پێ ناگات، جا یا بەهۆی کێشەی خاکەکەی لەو بەشەدا بەتایبەت ئەوەی کە پیاڕۆیی کەمترە یان فشەڵی زیاترە و ئاو ناگرێتە خۆی یاخود بوونی بەرد یان ئەگریگەیت لە چینی سەرەوەی ئەو بەشەدا کە دووبارە هۆکارێکە بۆ ئەوەی خاکەکە ئاو نەگرێتە خۆی یان بەهۆی هەڵەی دیزاینی سیستەمی ئاودێری.
٥) هۆکاری خاک: گونجاندنی خاک بۆ چیمەن یەکێکە لە پێویستە سەرەکیەکانی هەر پڕۆژەیەک، جگە لە کێلانی خاکەکە و بژارکردن و تێکردنی گڵێکی پاک و بەپیت و تێکەڵکردنی مەوادی خۆراکی زیادە لە ڕێی پیتمۆسەوە هەروەها ڕاگرتنی باڵانسی تفتی خاکەکە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تری خاک کە پێویستە ڕەچاوبکرێت بریتیە لە سیفەتە فیزیاییەکانی خاکەکە وەک فشەڵی و پیاڕۆیی بۆ ئاو، ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان پیاڕۆیی لە خۆ نەگرتنی هۆکارێکی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی چیمەنێکی تەندروست.
هەندێکجار خاکەکە لەسەرەتاوە پیاڕۆیی گونجاوە، بەلام کاتێک خاکێک تایبەتمەندییە فیزیاییەکانی تری گونجاو نەبێت و هاتوچۆی زۆری لەسەر بێت بە تایبەت کاتێک خاکەکە تەڕە.، دەبێتە هۆی کوتانەوەی خاکەکە و کەمبوونەوەی پیاڕۆیی، ئەمەش کاریگەری کاریگەری خراپ دروست دەکات لەسەر تەندروستی چیمەنەکە
٦) جگە لەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە باسکران بۆ زەردبوون و دروستبوونی پەڵەی چیمەن، چەندین هۆکاری تریش هەن وەک مێرووەکان و مەوادی کیمیایی تر یاخود نەخۆشیە جیاوازەکانی کە دەکرێت ڕووبەڕووی چیمەن ببێتەوە، هەروەها کاریگەری سێبەر و، ململانێی ئەو ڕووەکانەی کە لە دەوری چیمەنەکەن و ڕەگەکانیان لە ئاستی ڕووکەشدایە.


سەرچاوە:- پەڕەی ( گرین سکەیپ ) لە فەیسبووک
لە لایەن Dawan Sardar  | بەروار:  10/05/2016
ڕووەک،ماڵ،ناوماڵ، ڕووەکی ناوماڵ،کشتوکاڵ،


لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆی پەکخستنی گەشەی ڕووەکە جوانییەکانی ناو ماڵ و ڕووەکی کێڵگە بریتییە لە بەرکەوتن و تووش بوونی ئەو ڕووەکانە بە بارودۆخی ژینگەیی نەگونجاو ، نموونە پلەکانی گەرمی و شێ و ڕووناکی و کەمی توخمە خۆراکییەکان و مێرووە زیان بەخشەکان ،
وە کاریگەری نەرێنییان هەیە لەسەر گەشەی ئەو ڕووەکانە و لە هەمووی گرنگتر چارەسەرکردنی ئەو ڕووەکانەیە تەنها بە بەدیارخستنی نەخۆشییەکان پێش ئەوەی ڕووەکەکان خراپتر بن یان پێش کڕنیان بزانرێت کە نەخۆشن یاخود ساخن، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە کە ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکەیت:-
١- ڕووەکەکان بپشکنە پێش کڕینیان و هەروەها لە کاتی ئاڵوگۆڕکردنی شوێنی گوڵەکە جا چ لە ناو ئینجانەدا بێت یاخود لە زەوی دا ، بەمەش دەتوانیت هەر تووشبوونێک یاخود هۆکارێکی نەخۆشی ئەگەر لەسەر ڕووەکەکە هەبێت دیاری بکەیت و بیبینیت ، بە تایبەتی بوونی جۆرە مێرووی زیان بەخش یاخود نیشانەی نەخۆشییە ڤایرۆسی و بەکترییەکان.
٢- جیاکردنەوەی ئەو ڕووەکانەی کە تازە کڕیوتن بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ڕووەکەکانی دیکە کە پێشتر هەتبوون ئەمەش بۆ بە دیارخستنی هەر نەخۆشی و نیشانەیەکی توشبوون ئەگەر لەسەر ڕووەکە تازەکان هەبن و وە دڵنیا بیت لەوەی کە ناگوێزرێتەوە بۆ ڕووەکەکانی ترت.

پێویستە پێش وەخت چەند خاڵێک ڕەچاو بکەیت بۆ پاراستنی ڕووەکەکانت :-
١- بەردەوام گرنگی بدە بە بەکارهێنانی ئینجانە و گۆزەی گڵینی پاکژ و دوور لە نەخۆسی ، پێویستە پێش بەکارهێنانی بە یەکێک لە ڕێگاکانی پاکژ کردنەوە ، پاکی بکەیتەوە ، وەک بەکارهێنانی ماددەکانی پاکژکردنەوە یاخود بەکارهێنانی ڕێگای سروشتی وەک ( گەرمی خۆر ) .
٢- پێویستە کە گرنگی بدرێت بە هەڵبژاردنی جۆری باش لە خۆڵ کە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە هێنرابێت بە جۆرێک کە هیچ جۆرە نەخۆشی و تووشبوونێکی لە خۆ نەگرتبێت.
٣- بەردەوام گرنگی بدە بە هەڵکێشان و لابردنی گژوگیای زیان بەخش کە لە ناو ئینجانەی گوڵەکانت دەڕوێن ، هەروەها لابردنی هەموو ئەو گوڵ و بەشانەی ڕووکەکە کە وشک بوون و هەڵوەریون.
٤- هەر کاتێک تێبینی بوونی بەشی تووشبوت کرد لەسەر ڕووەکەکەت و دڵنیا بویت لەوەی کە چارەسەر ناکرێت ئەوا ئەو بەشە لە ڕووەکەکە بکەرەوە و دوری بخەرەوە لە ڕووەکەکە .
٥- لە کاتی توشبوونی ڕووەکەکانت بە نەخۆشی و دەرد ، ئەوا پێویستە بەخێرایی هەوڵی ڕاگرتنی نەخۆشییەکە بدەیت بە چەندین ڕێگا ، لەوانە:-
پاکژکردنەوەی دەستی کە هەڵسوکەوتێکی گونجاو و باشە بۆ دوورکەوتنەوە لە دەرد و نەخۆشی.
پاکژکردنەوەی ڕووەکەکان بە پرژاندنی بە ئاو و بەکارهێنانی گیراوەی ئاو و سابون بۆ لەناوبردنی مێرووەکان لە سووڕە جیاوازەکانی گەشەیان دا ، هەروەها دەبێتە هۆی پاکژبوونەوەی گەڵاکان و یارمەتی دەر دەبێت بۆ کرداری مژین و ئاڵوگۆڕی  گازەکان و گێڕانەوەی توانای بەرگری بۆ ڕووەکەکە ، وە شێوەی گونجاو بۆ ئەم کردارە ئەوەیە کە بەدەست گەڵا گەڵا بگریت و بە پارچەیەک قوماشی نەرم یاخود پارچەیەک ئیسفنجی نەرمی تەڕکراو گەڵاکە پاک بکەیتەوە سەر و خواری بۆ لابردنی ئەو تەپوتۆزەی کە لەسەری نیشتووە ، ئەگەر گەڵاکەش زبر و دڕکاوی و موودار بوو ئەوا لەجیاتی قوماش و ئیسفنج فڵچەیەکی نەرم بەکاربهێنە.
شۆردنی گەڵاکان بە ئاو و پاکژکرەوەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە.
دورخستنەوەی ڕووەکی تووش بوو لە ڕووەکەکانی تر ، وە ئەگەر قڕکەرمان بەکارهێنا بۆ نەخۆشییەکەی پێویستە لە دەرەوەی ماڵ ئەم کارە ئەنجام بدەین نەک لە ناو ماڵ دا و لە شوێنێکی سێبەر و دوور لە تیشکی خۆر دا .
ڕووەکەکە لە هەموو لایەکەوە بە قڕکەرەکە دەڕشێندرێت و زیاتر گرنگی دەدرێت بە بەشی ژێرەوەی گەڵا و چڵ و پۆپەکان دەڕشێندرێت چونکە مێروو و هۆکاری نەخۆشییەکان زیاتر لە بەشی ژێرەوەدا خۆیان حەشار دەدەن .
لە لایەن Dawan Sardar  | بەروار:  10/09/2016
پاراستنی رووەکەکانی ناوماڵ
ئەو رووەکە جوانیانەی لەناو ژوور و لە هەیوانی (بێڵایە)ی ماڵ بەخێویان دەکەین ، لە بنەڕەتدا زۆربەیان هی ژینگەی کوردستان نین ، بەڵام گەر ئاگاداریان بین ئەوا توانای خۆ گونجانیان هەیە . بۆنموونە مەتات و گوێ فیل و دفنباخیا و پێستی پڵنگ و کلادیۆم و قەفەزەی سنگ و...... . زۆربەی ئەو رووەکانە بۆ جوانی شێوە و رەونەقی گەڵاکانیان پەروەردەدەکرێن،
حەزیان بەکەش وهەوای هێڵی کەمەرەییە کە پلەی گەرمای لەنێوان ١٨-٢٤ س ، لەنێوان شە و رۆژ و هەروەها رادەی شێداریان لە ٤٠-٥٠% بێ تیشکی خۆری بەکزی لێ بدات بۆماوەی ٦-٨ سەعات ، خاکی لمی و تێکەڵاو بێت و دەوڵەمەند بێت بە مادەی ئۆڕگانی . ئێستا پایزە و بەرەو زستان دەچین بۆ ئەو رووەکانەی ئێمە لەژووری ماڵ لەبەر سێبەر بەخێوی دەکەین دەبێ ئەم خاڵانە رەچاو بکەین :

١- شوێنی دانانیان دەبێ نزیک پەنجەرەبن و تیشکی خۆر لێیان بدات ، گەر بوار نەبوو تیشکی خۆر لێی بدات دەبێ لەنزیکی رووەکەکە گلۆپی فلۆرنست (شمعەی نیۆن)ی بەرۆژ بۆ هەڵبکەین تاکوو قەرەبووی تیشکی خۆر بکاتەوە .
٢- ئاودان : هەفتەی ١-٢ جار ئاوی بدەین ، ئاودانیش دەوەستێتە سەر کەش و هەوای ژوورەکە ، گرنگ هەر کاتێ دیتمان خۆڵی ناو ئینجانەکە وشک (کزر) بووە ئەو کات ئاوی بدەین .
٣- وا باشە رۆژێ جارێک دووجار گەڵاکانی شێدار بکەین ، ئەویش یان پاککردنەوەی بە ئیسفەنجی تەڕ یان سیری پێوەبێ ، یاخود بەپەمپی ئاوی بەسەردا بپڕژێنین . 
٤- واباشە بەردی وردی حەلان یان چەو (چگڵ) لەناو ئنجانەکە روو بکەین بۆ ئەوەی لە کاتی ئاودان خۆڵەکەی نەرژێتە سەر کاشی و کۆمباری ژوور. 
٥- رۆژانە ماوەیەک ژوورەکە دەرگا و پەنجەرەی بکرێتەوە بۆ هەوا گۆڕکێ بەتایبەتی بەیانیان پەنجەرە بۆ ماوەیەک بکرێتەوە .
٦- لەکاتی زستان سۆبە پێکردن نابێ ژوورەکە دووکەڵی تێدا پەیدابێت بۆنی گازی تیدا بلاو بیتەوە ، ئەگینا گەلاکانی زیانی پێ دەگات بەهۆی پەیدابوونی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن .

ئامادەکردنی:
عەباس نادر قادر
مامۆستا لە ئامادەیی کشتوکاڵی هەولێر
Share this Post
لە لایەن Dawan Sardar  | بەروار:  10/20/2016
plant nursery,مشتل الزراعي ، نەمامگە، نەمامگا ، نەمام

بەشی یەکەم:-
دامەزراندنی نەمامگە بۆ پەروەردەکردن و بەرهەم هێنانی ڕووەکە بەرسێبەرەکان
پەروەردەکردن و بەرهەم هێنانی ڕووەکە بەرسێبەرەکان لە زۆربەی ووڵاتانی جیهان بە تایبەتی و وڵاتانی عەرەبی و کوردستان بە گشتی بە پێویستی ژیانی ڕۆژانە دادەنرێت ، لەبەر ئەمەش ژمارەیەکی زۆر لە نەمامگەی تایبەت بە بەرهەم هێنانی جۆرێک
لە ڕووەکی جوانکاری وە بەرەەم هێنان و پەروەردەکردنی ڕووەکە بەرسێبەرەکان هەیە ، وەک گۆپکە کانی جوانکاری وە دار و هەڵواسراوەکان و ڕووەکەکانی ( گلادیۆلس ، تیلوب ، ایرس ) یان بەرهەمهێنانی گوڵەکانی لێکردنەوە ( چنین ) وەک ( مێخەک – داودی ) یاخود بۆ تاکە دەستکەوتێک لە ڕووەکە سێبەرەکان وەک ( مەگاگ ) قەفەسی سەدری و چۆلەکەی بەهەشت و ... هتد.
رووبەری نەمامگە کە ( ٥ ) دۆنم یان زیاترە لە زۆربەی خانووە شووشەیی یان نایلۆنی ، چونکە پەروەردەکردن و بەرهەم هێنانی ڕووەکە بەرسێبەرەکان بە هەموو لقەکانیەوە پێویستی بە چاودێری تایبەت و ڕەخساندنی هۆکارەکانی کۆنترۆڵکردنی پلەی گەرمی و ڕادەی شێ و ڕووناکی هەیە ، ئەمەش بۆ هەر ڕووەکێک لە ڕووەکەکان وە هەروەها جیاوازی نێوان شەو و ڕۆژ لە بارەی پلەی گەرمی ڕادەی شێ ، وە دەبێت کردارەکانی ئاودان و پەینکردن ئۆتۆماتیکی بێت وێڕای دابەشکردنی ئاو زیاتر نەبێت (١٥ – ٢٠ ) مەتر ،سەبارەت بەگەرمەسێری ووڵاتەکەمان دەشێ پەروەردەکردنی هەندێ ڕووەکی جوانکاری لە کێڵگەدا بێت لەبەر ئەوە پلەی گەرمی بەرزە لە هاویندا لە ناو ئەو ناوچانە. 
مەرجەکانی دروستکردنی نەمامگە بۆ ڕووەکە بەرسێبەرەکان:-
١- ئاسانی هاتووچۆ بۆ ساخ کردنەوەی بەرهەمەکان.
٢- دەبێت نەمامگە تیشکی خۆر لێیبدات .
٣- دەبێت خاکی نەمامگە ئاو باش بدەڵێنێت.
٤- دەبێت دووربێت لەو شوێنانەی کە پەتای کشتوکاڵی وە سەرچاوەی نەخۆشی کە ڕوویی لێیە.
٥- دەبێت نەمامگە دوور بێت لەو شوێنانەی با دەیانگرێتەوە.

بۆ دامەزراندنی نەمامگەی بەرهەم هێنان و پەروەردەکردنی ڕووەکە بەرسێبەرەکان دەبێت ئەم خاڵانە ڕەچاو بکرێن:-
١- دروستکردنی دیوارێک کە بەرزییەکەی لە ( ١ ) مەتر زیاتر نەبێت .
٢- دابەشکردنی زەوی بە پێی ژمارەی خانووە شوشەیی و نایلۆنیەکان کە لەسەری دروستیان دەکەین.
٣- دابەشکردنی زەوی بە پێی جۆر و لقی ڕووەکە بەرسێبەرەکان کە دەمانەویت بەرهەمی بهێنین.
٤- دەستنیشانکردنی شوێنێکی تایبەت بۆ زۆرکردنی ڕووەکە بەرسێبەرەکان بە پێی جۆر و وەدەستهێنانی یەک جۆر.
٥- تەرخان کردنی شوێنێک بۆ هەڵگرتنی ئامێر و پەینەکان.
٦- تەرخانکردنی شوێنێک بۆ هەڵگرتنی مەرکانەکان بە پێی قەبارەکانیان.
٧- تەرخانکردنی تانکی ئاو بۆ ئاودانی ڕووەکەکانی جوانی لەگەڵ دابەشکردنی تۆڕی ئاو.
٨- تەرخانکردنی شوێنێک بۆ سێبەری دارین کە ڕووبەرەکەی لەمتر بێت لە (١٠٠٠) هەزار مەتر دوو جا.
٩- تەرخانکردنی شوێنێکی تایبەت بۆ هەڵگرتنی ڕووەکە بەرسێبەرەکان لە کاتی پێویست وە دابینکردنی ساردکەرەوەیەکیش بۆ پاراستنی گوڵەکانی جوانی.

نووسینی:- 
د.تاهیر نەجم ڕەسوڵ بەیتوشی
پرۆفیسۆری یاریدەدەر

نوسینەوەی بابەتەکە:-
ئەندازیاری کشتوکاڵ
دەوەن سەردار حەمە عەلی

لە لایەن Dawan Sardar  | بەروار:  10/20/2016
گاردینیا

گاردینیا
ناوی ئینگلیزی:- Gardenia
ڕووەکێکی دەوەنی هەمیشەسەوزی تەمەن درێژە ،لە بەر جوانی گەڵا و گوڵەکانی لە ماڵان و باخچە سێبەرەکاندا دەڕوێنرێت.
گەڵاکانی ڕەنگیان سەوزێکی تێر و بریقە دارن ، گوڵەکانی ڕەنگیان سپیەکی شیریە بۆنێکی خۆشی هەیە.

پێداویستی :-
ڕوناکی: گاردینیا پێویستی بە ڕوناکی زۆر هەیە بەمەرجێک هەتاوی ڕاستەوخۆ لێی نەدات.
خاک:  پێویستی بە خۆڵێکی تێکەڵی دەوڵەمەند بەکانزاکانە بەمەرجێک PH ی کەمتر بێت لە ٧، واتە ترش بێت
ئاو:  پێویستە خۆڵی ئینجانەکە بەردەوام شێدار بێت واتە نە ئاوی زۆر بێت نە ئاوی کەم بێت،چونکە ڕەگی گاردینیا زۆر هەستیارە.
پەینکردن:  ١٥ ڕۆژ جارێک پێویستی بە سەمادی NPK شلە هەروەها پێویستی بە توخمی ئاسن هەیە بۆ ترشکردنی خۆڵەکە.
تێبینی:  پێش کرێنی گوڵی گاردینیا پێویستە دڵنیا بیت لەوەی کە موتوربە کراوە و ڕەگەکەی نەخۆش نیە بە نیماتۆدا .


ئامادەکردنی:-
زرنگ جبار
ئەم بابەتە تایبەتە بە بلۆگەر و پەیجی کشتوکاڵ ، هەر بەڕێز و شوێنێك وەری دەگرێت تکایە ئاماژە بدات بە ناوی بلۆگەری کشتوکاڵ .. لەگەڵ ڕێزدا
Dieffenbachia ، دیفینباخیا



























ڕووەکی دیفنباخیا کە ناوی زانستییەکەی بریتییە لە (  Dieffenbachia Sp.) ، یەکێکە لە ڕووەکەکانی ناو ماڵ کە لەبەر جوانی گەڵاکانی گەورەییان لە قەبارەدا بەخوێ دەکرێت و گرنگی پێ دەدرێت ، کە بۆ ڕێکخستن و ڕازاندنەوەی زۆر لە ئۆفیس و ناوماڵەکان بەکاردێت .

لەم بابەتەدا باس لە چۆنیەتی ژەهراوی بوونی ئەم ڕووەکە دەکەین ، کە لێرە و لەوێ دەبیستین کە ئەم ڕووەکە ژەهراوییە و ئەگەر کەسێک بیخوات ، زیانی پێ دەگەیەنێت و دەیکوژێت!! بە شێوازێکی گشتی زۆربەی ڕووەکە جوانییەکان و ڕووەکەکانی ناوماڵ زیان بەخشن ئەگەر پارچەیەکی ڕووەکەکە بخورێت یاخود ئاوگی ڕووەکەکە بەر پێستمان بکەوێت ، وە ئەم زیان و ژەهراوی بوونەش لە ڕووەکێکەوە بۆ ڕووەکێکی دیکە دەگۆڕدرێت . ڕووەکی دیفنباخیا ش یەکێکە لەو ڕووەکانەوە ئاستی ژەهراوی بوونی زیاترە لە چاو ڕووەکەکانی دیکە.

ماددە ژهراوییەکانی ناو  ڕووەکی(دیفینباخیا) :
لە ناو ڕووەکەکەدا چەند ماددەیەک هەن کە هۆکارن لە ژەهراوی بوونی ڕووەکەکە ئەوانیش:
١- ترشی ئۆکسالیک Oxalic Acid
ئەم ماددەیە بە شێوەی کریستاڵی ئۆکسالاتی کالسیۆم هەیە لە ناو ڕووەکەکەدا کە لەشێوەی بلوراتی دەرزیلەییدایە . لەکاتی جوینی گەڵای ڕووەکەکە ئەم ماددەیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ناو دەم و قورگ و سوتاندنەوەی . 
٢- پرۆتینی ئەسپەرەجین Asparagine protein

Dieffenbachia ، دیفینباخیا




نیشانەکانی ژەهراوی بوون و زیان گەیاندن:
١- سوتاندنەوەی ڕووپۆشی ناو دەم و قورگ.
٢- زیان گەیاندن بە هاوێنە (عەدەسە)ی چاو.
٣- سکچوون.
٤- چاو ئێشە.
٥- دڵ تێکهەڵاتن و ڕشانەوە.
٦- تێکدانی دەنگ و دەنگ نووسان.
٧- هەڵئاوسان و سووربوونەوەی زمان و دەم .
ئەگەر ڕێژەی ئاوسان و سووربوونەوەکە زۆر بوو ، ئەوا دەبێتە هۆی تێکدانی قسەکەردنی ئاسایی و ئەو کەسە ناتوانێت بە ئاسانی قسە بکات ، هەروەها نووسانی قورگ و قورسکردنی قووتدان.

چۆنیەتی خۆ پاراستن لە ماڵەوە؟
١- پێویستە ناو دەم بە پارچە پەڕۆیەکی پاکژ و تەڕ و سارد بە جوانی بسڕدرێت .
٢- جوان شواردنی چاو و پێستی هەر کەسێک کە دەستی لە ڕووەکەکە دابوو وە تووشی هەستیاری کردبوو  لەڕێی بەرکەوتنی ئاوگی ناو ڕووەکەکە وەک شکاندنەوەی گەڵای ڕووەکەکە ، یاخود لاسکی ڕووەکە .
٣- پێدانی شیر بە کەسی تووشبوو وە خواردنەوەی شیرەکە .
٤- ئەگەر تووشبوونەکە زۆر بوو ئەوا پێویستە کەسی تووشبوو سەردانی نەخۆشخانە بکات بۆ ڕێنمایی پێویست و چارەسەر.

ژەهراوی بوون بە ڕووەکی (دیفینباخیا) چەند ناوێکی تر هەیە :
بە چەند ناوێکی تر ژەهراوی بوونی دیفینباخیا دەناسرێتەوە :
١- ژەهراوی بوونی دومبکان  Dumbcane poisoning
٢-ژەهراوی بوونی لیوپارد لیلی Leopard lily poisoning
٣- ژەهراوی بوونی ڕەگی توفت Tuft root poisoning

سەرچاوە:- 
ماڵپەری میدسن پڵەس https://medlineplus.gov/ency/article/002866.ht


لە لایەن Dawan Sardar  | بەروار:  9/11/2017
پەرژین - دەوەنی ( دۆدۆنیا ) الشث أو الدودونيا
هەر کەس و شوێن و ماڵپەرێک سوود لەم بابەتەی ئێمە وەردەگرێت ، بە بڵاوکردنەوەی با ئاماژە بدات بە ناوی ئێمە وەک سەرچاوەی یەکەمی بابەتەکە و ئامادەکاری، هاوکاریتان جێگەی ڕێزە
پەرژین - دەوەنی ( دۆدۆنیا )
ناوی زانستی: Dodonaea Spp.
ناوی کوردی: دۆدۆنیا یاخود دەدۆنیا
ناوی عەرەبی: الشث أو الدودونيا
ناوی ئینگلیزی :    Hop-bushe

تایبەت مەندێتی ئەم ڕووەکە:
ڕووەکێکی هەمیشە سەوزە و سەر بە خێزانی (سابونییەکان)ە و بە ڕووەکێکی پزیشکیش دادەندرێت ، و لە ناوچە مامناوەند و گەرمەکاندا بڵاوە ەک ئەفریقا و ئەمەریکای و باکوور و باشوور و باشووری ئاسیا و ئوستورالیا .
ئەم ڕووەکە لە زمانی ئینگلیزی ئوستورالیا ئەم ناوانەی تری هەیە:
broad leaf hopbush، candlewood، giant hopbush، narrow leaf hopbush، sticky hopbush، native hop bush، soapwood، switchsorrel، wedge leaf hopbush، and native hop

ناونانی ڕووەکەکە بە ناوی دۆدۆنیا:
ئەم ڕووەکە بە ناوی زانایەکی فەڕەنسی کە ڕووەک ناس و فیزکی بووە ناو نراوە کە ئەو زانایەش ناوی (Rembert Dodoens)یە. 
بەرزی ڕووەکەکە: دەگاتە نزیکی ٤ بۆ ٥ مەتر ، ئەگەر نەبردرێت و وەک ڕووەکێکی سەربەخۆ بەخێو بکرێت.
گوڵی ڕووەکەکە: گوڵی دۆدۆنیا گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و بەکەڵکی جوانکاری نایەت ،تەنها سوودی ئەوەیە کە تۆو بەرهەم دەهێنێت بۆ ئەوەی ڕووەکەکەی پێ زیاد بکرێت.
گەڵای ڕووەکەکە: شێوەی تیریەو ڕەنگیشی سەوزێکی کراوەیە و هەروەها درێژکۆلەیە.

مەبەست لە چاندن و بەخێوکردنی ئەم ڕووەکە:
ئەم رووەکە بۆ مەبەستی پەرژین و دیاریکردنی سنووری باخچەکان و جیاکردنەوەی باخچەکان بەکاردێت ، هەروەها دەتواندرێت بە جیا وەک دەوەنێک بڕوێندرێت و شکل و شێوەی جوان و سەرنج ڕاکێشی پێ دروست بکرێت بە هەڵپاچین ، چونکە ڕووەکەکە توانایەکی باشی هەیە بۆ بەرجەستەکردنی شێوەی ویستراو. 
هەروەها ئەم ڕووەکە بەرگەی باشە بۆ گەرما و گەشەشی خێرایە و هەر ئەمەشە وای کردوووە کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە پارک و باخچەکان دا بەکاربهێندرێت . 
لە کوردستانیش بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاردەهێندرێت و سەرکەوتنی بەدەست هێناوە لە پارک و شوێنە گشتییەکان و باخچەی ماڵان دا و بەتایبەتی لە ناوچە گەرمەکان وەک گەرمیان و هەولێر و سلێمانیش و شار و شارۆچکەکانی تریش بەکاردەهێندرێت.
پەرژین - دەوەنی ( دۆدۆنیا ) الشث أو الدودونيا
خزمەتکردنی ڕووەکی دۆدۆنیا:
لە مانگە گەرمەکانی هاوین دا بەهیچ شێوەیەک نەمامی ئەم ڕووەکە ناگوێزرێتەوە و نەمامی نوێش ناچێندرێت لەبەرئەوەی بە تینی گەرما نەمامەکان لەناو دەچن ، وە لە هاوینی گەرم دا ڕۆژانە دوو جار ئاو دەدرێت بۆ ئەوەی گەشەی باش بێت ، وە بە فێنک بوونی کەش و هەوا بۆ ڕۆژێک یاخود دوو ڕۆژ جارێک ئاودان کەم دەکرێتەوە . 

پەینکردن:
وە بۆ ئەوەی گەشەی باش بێت ، پێویستە لە ساڵێک دا دوو جار پەینی ئەندامی (ئاژەڵی) ی جۆری باشی بۆ زیاد بکرێت.
هەڵپاچینی ڕووەکەکە:
ڕووەکی دۆدۆنیا بە هەڵپاچین گەشەی باشتر و پڕتر دەبێت ، هەر لەبەر ئەوەش ئەگەر لە تەنیشتەکانەوە هەڵمان پاچی ئەوە بۆ بەرزی گەشەی باش دەبێت و باڵای بەرز دەبێت ،خۆ ئەگەر لە بەشی سەرەوەش هەڵمان پاچی ئەوا لە تەنیشتەکانەوە گەشەی باش و پڕ دەبێت،و دەشتوانین بە ویستی خۆمان شێوەی تیا دروست بکەین 

زۆرکردنی:
ئەم ڕووەکە بە دوو ڕێگا زۆر دەکرێت ، ئەویش یان لە ڕێگەی قەڵەمەوە واتە بە ڕێگەی سەوزە زۆربوون ، یاخود لە ڕێگەی تۆوەوە واتە ڕێگەی توخمە زۆربوون ، وە تۆوەکان لە ماوەی ٦ بۆ ٨ ڕۆژ دا چەکەرە دەکەن ، دەشتواندرێت بە زۆری بچێندرێن لە نەمامگاکان دا لەناوی کیسی ڕەشی تایبەت بە بەرهەمی نەمام و پاشان گواستنەوەی نەمامەکان بۆ شوێنی هەمیشەییان.
لە لایەن Dawan Sardar  | بەروار:  9/15/2017
ئەسپەراگەسی زبر - Asparagus Sprengeri
ئەسپەراگەسی زبر 
ناوی زانستی: Asparagus Sprengeri
ناوی ئینگلیزی:  Asparagus
ناوی عەرەبی: اسبرجس خشن

ئەم ڕووەکە بە یەکێک لە ڕووەکە جوانەکان دادەندرێت ، کە سەر بە خێزانی زەنبەقییەکانە و لە ڕووەکە گەڵاییەکانە و گەڵاکانی بچووکن لە قەبارەدا .
نیشتیمانی سەرەکی ئەم ڕووەکە ناوچەکانی باشووری ئەفریقایە و گەشەیەکی بەهێزی هەیە ، کە زیاتر لە ٣٠٠ جۆری هەیە. لەناو ئەو جۆرانەش دا (ئەسپەرەگەسی زبر) ە .
چڵ و پۆپەکانی ڕاکشاون ، گوڵەکانی ئەم ڕووەکە بچوک و سپین و گرنگییەکی ئەوتۆیان نییە  و لەم گوڵانەشەوە بەری بچوکی خڕ دروست دەبن و ڕەنگیان سەرەتا سەوزە و پاشان دەگۆڕێت بۆ ڕەنگی سوور و لەناو هەر بەرێک دا دوو دەنک تۆوی خڕی ڕەش هەن.
گرنگی دان بەم ڕووەکە:
ئەم ڕووەکە بۆ شوێنی بەرسێبەر گونجاوە و لە شوێنی بەر سێبەر دا گەشەی باش دەبێت ، پێویستە پلەکانی گەرمای ئەو شوێنە مامناوەند بن و زۆر گەرم نەبێت ، هەروەها شوێنەکەش شێیەکی مامناوەندی هەبێت چونکە ڕووەکەکە حەز بە شوێنی شێدار دەکات ، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە لە هاوین دا بە ئاو گەڵاکانی بپرژێندرێت ، وە بە پێی پێویست ئاو دەدرێت و پێویستە کە گڵەکەی وشک بێتەوە ئینجا ئاودانێکی تری بۆ ئەنجام بدرێت ، وە لە زستانان دا ئاودان کەم دەکرێتەوە ، وە هەر مانگێک پەین دەدرێت بە ڕووەکەکە بۆ ئەوەی گەشەی باش و جوان بێت ، و چڵ و پۆپی وشک بوو لێ دەکرێنەوە بۆ ئەوەی گەڵا و گەشەی تازە دەربکات و ڕووەکەکە بەردەوام دیمەنی جوان بێت ، دوای ماوەی گوڵ گرتن و تەواو بوونی ڕووەکەکە هەڵپاچینی بۆ دەکرێت.
ئەسپەراگەسی زبر - Asparagus Sprengeri

ئەسپەراگەسی زبر - Asparagus Sprengeri

زۆرکردنی :-
ئەم ڕووەکە بە دوو ڕێگا زۆر دەکرێت:
١- بە تۆو :
وەک پێشتریش ئاماژەمان پێی دا تۆوی ئەم رووەکە خڕ و ڕەشە و بەکاردەهێندرێت بۆ زیادکردنی ڕووەکەکە.
لە ئێستادا تۆوی ئەم ڕووەکە لە نوسینگەی کشتوکاڵی گرین گرۆس Green Growth Team – GGT
دەست دەکەوێت و لەم وەرزەدا واتە وەرزی پایز کاتی چاندنی تۆوی ئەم ڕووەکەیە بۆ دەست کەوتنی پەیوەندی بکەن بە نووسینگەکەوە یاخود سەردانی بکەن.
ئەسپەراگەسی زبر - Asparagus Sprengeri

لینیکی پەیجی نوسینگە:


٢- بە بەش کردن:
لەم ڕێگایەش دا ڕووەکێکی گەورەی دایکانە لە ڕەگەوە دابەش دەکرێت و چڵ چڵ دەکرێت و بەو مەرجەی هەر چڵێک کەمێک ڕەگی پێوە مابێت و بە جیا لەناو ئینجانەی تردا دەڕوێندرێت.

بەکارهێنانی ئەم ڕووەکە:
ئەم ڕووەکە بۆ ڕازاندنەوەی ئۆفیس و کافتریا و ناو ماڵەکان گونجاوە و دیمەنێکی جوان دەبەخشێت بەو شوێنەی کە ئەم ڕووەکەی لێ دادەندرێت . 
تکایە هەر شوێن و ماڵپەرێك ئەم بابەتە وەردەگرێت با ئاماژە بدات بە ناوی ئێمە وەک ئامادەکاری بابەتەکە و مافمان نەخورێت ، لەگەڵ ڕێزدا
جاترە بەوە جیا دەکرێتەوە کە بۆن و بەرامێکی تایبەت بە خۆی هەیە و بەهۆیەوە جیا دەکرێتەوە لە سەوزەکانی تر ، وە بەشێوەی جیاواز لە بازاڕەکان دا هەیە ئەویش یان بە شێوەی نوێ و سەوز ، یاخود بە شێوەی وشککراوە ، بەڵام بە تازەیی و سەوزی بخورێت سوودی زیاترە و تامیشی خۆشترە ، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر ناتواندرێت لە دوای لێکردنەوەی سوودی لێ ببیندرێت ،چونکە تا ماوەی یەک هەفتە بە تازەیی دەمێنێتەوە ، وە دەتوانین لە وەرزی هاوین دا بە زۆری بەرچاومان بکەوێت و بەکاری بهێنین.

جاترە بڕێکی زۆر لە ڤیتامینەکان و کانزاکانی تێدایە کە سوودبەخشن بۆ لەشی مرۆڤ ، وە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی کالسیۆم ، پۆتاسیۆم ، سیلینیۆم ، مەنگەنیز ، ئاسنە ، وە لەو ڤیتامینانەش کە لەناو جاترەدا هەیە : ڤیتامین A بەشێوەی بێتا کارۆتین ، ڤیتامین B ، ڤیتامین K.
لەو سوودە گرنگانەش کە جاترە هەیەتی بریتییە لە:
- توانای جاترە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش
- دژی تووشبوون بە ڕەقبوونی خوێن بەرەکانە
- وە دەمارەکانی دڵ بەهێز دەکات
- هەروەها تایبەتمەندێتیەکی چارەسەرکردنی هەیە و هەوکردنەکانی قورگ و بۆری هەوایی چارەسەر دەکات
- هەروەها لە چارەسەری حاڵەتەکانی سووتاویش دا بەکاردێت
- هەروەها جاترە بەوەش جیا دەکرێتەوە کە توانای هێورکردنەوە و کەمکردنەوەی ئازاری هەیە

لە بەکارهێنانە زۆر باوەکانی جاترە:
 دەخرێتە خۆراکەکانەوە و هەروەها لە کاتی ئامادەکردنی خوارن و لێناندا بەکاردەهێندرێت ، بەشێوەیەک دەتوانیت شۆربای جاترە ئامادە بکەیت بە بەکارهێنانی گەڵای تازەی ڕووەکەکە ، هەروەها دتوانیت زەعتەر  بخەیتە هەر یەکێک لە مەئەکەرۆنە و هێلکە و مریشک و گۆشت .
هەروەها دەتوانیت لەڕێگەی کوڵاندنی چڵ و گەڵای جاترە و پاشان خواردنەوەی ئاوەکەی وەک چای جاترە سوودی لێ ببینیت ، هەروەها دەتوانیت نیو کەوچکی چێشت لە جاترە بخەیتە پەردازێک ئاوی کوڵا و لەگەڵ کەوچکێک هەنگوین و پاشان بخورێتەوە.
هەروەها چای جاترە سوودی هەیە بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی ئاوسان و هەروەها کرداری هەرس کردنیش ئاسان دەکات ، هەروەها واباشترە کە لەکاتی سەرما و پشمین و هەڵامەت دا بخورێتەوە ، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە زیادکردنی تەندروستی ئێسکەکان لە مرۆڤ دا ، لەبەرئەوەی دەوڵەمەندە بە مەنگەنیز و کالسیۆم و ڤیتامین K.
هەروەها دەتوانیت بە ئاوی جاترە خۆت بشۆیت ، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە چارەسەری خەمۆکی و بێتاقەتی دا ، وە ڕۆنی جاترەش بۆ گەشەی قژ بەسوودە ، ڕێگری دەکات لە وەرینی قژ ، وە پێستی سەریش چالاک و تەندروست دەکات .
ئامادەکردنی ڕۆنی جاترە:
پەرداخێک تا نیوەی پڕ بکە لە جاترەی تازە و نوێ ، وە نیوەکەی تری پەرداخەکە بە زەیتی زەیتوون پڕ بکەرەوە ، وە بۆ ماوەی دوو هەفتە پەرداخەکە لەبەر تیشکی خۆر دابنێ ، وە پاش دوو هەفتەکە زەیتەکە بپاڵێوە و گەڵا و چڵی جاترەکەی لێ دەربهێنە ، پاشان دەتوانیت بەکاری بهێنیت. 
پێویستە ئاماژەش بەوە بدەین کە زەیتی جاترە  لە هەندێک کەس دا دەبێتە خورانی پێست و لەم کاتەش دا بۆ ئەو جۆرە کەسانە پێویستە ڕێژەی جاترە لە ناوی زەیتی زەیتوونەکەدا کەم بکەنەوە.

درووستکردنی زەڵاتەی جاترەی سەوز:
پێکهاتەکان:
- چەپکێک لە جاترەی سەوز و جنراو بەشێوەیەکی گەورە.
- تەماتەی جنراو (٢) دانە
- ئاوی لیمۆ ١ دانە
- ١٠٠ گرام لە زەیتونی ڕەش و جنینی زەیتونەکە
- ١٠٠گرام لە پەنیری سپی 
- کەوچکێک دۆشاوی هەنار
- ٤ کەوچک لە زەیتی زەیتوون
- خوێ

ڕێگای دروستکردنی:
- هەر یەکە لە جاترە سەوزەکە و نیوەی تەماتە جنراوەکە و نیوەی زەیتوونە ڕەشە جنراوەکەش تێکەڵ دەکەین لەگەڵ خوێ و دۆشاوی هەنار (ڕوبە هەنار ) لەگەڵ پەنیرەکە دا لە قاپێک دا.
چۆنیەتی بەکارهێنانی جاترە و سوودەکانی
ئامادەکردنی:
دەوەن سەردار حەمە عەلی
ئەندازیاری کشتوکاڵ

چۆنیەتی دروستکردنی سرکەی سێو و سوودەکانی
تێبینی: ئەم بابەتە تایبەتە بە بلۆگەری کشتوکاڵ ، کۆپی کردن و بڵاوکردنەوەی بە بێ پرسی ئێمە یاخود سڕینەوەی ناوی ئێمە لە هەرشوێنێك ، کارێکی ناشرینە و هیچ ئازایەتییەکی تێدا نییە . سوپاسی هاوکاریتان دەکەین

سرکەی سێو : 
سرکەی سێو یەکێکە لەو پێکهاتووە سروشتیانەی کە گرنگی خۆی هەیە و سودی خۆی هەیە ، بەشێوەیەک لە زۆربەی خواردن و بارێک دا بەکاردەهێندرێت ، ئەمەش دەگەڕێتەوە کە سرکەی سێو توخمی سرووشتی چالاکی تێدایە ، لەگەڵ ئەم سوودەی زۆرەی سرکەی سێوی سرووشتی دا ،
خانمەکان زیاتر سرکەی سێوی ئامادەکراوی بازاڕ لە مارکێت و سۆپەرمارکێتەکان دەکڕن لەبەر ئەوەی خێرایە و کاتیان بۆ دەگێڕێتەوە ، بەڵام سرکەی سێوی سرووشتی سوودی زیاترە لەبەر ئەوەی سرکەی سێوی ئامادەکراو ڕێژەیەکی زۆر لە ترشی خلیکی تێدایە کە بریتییە لە ماددەیەکی پیشەسازی زۆر زیان بەخش لەسەر جەستە .

چۆنیەتی ئامادەکردنی سرکەی سێوی سرووشتی:
پێداویستییەکان:
١- ١٠ سێو 
٢- ١ لیتر ئاو
٣- قاپێکی شووشەیی قوڵ
٤- بتڵیکی گەورەی شووشەیی کە سەرەکەی بە باشی دابخرێت
٥- دەسڕی کاغەزی گەورە
٦- پاڵێوەرێک کە کونەکانی ورد یاخود بچووک بێت.

لەشکر حمید ، خۆراک ، ئەندازیاری خۆراک ، نان ، نانی تیری
توێژینەوەکان دەریان خستووە نانی بۆر(جۆ) ڕێژەیەکی باش ڕیشاڵی سروشتی لە پێکهاتەکەیدا هەیە ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر شێرپەنجەی گەدەو ڕیخۆڵە.

هەروەها نانی بۆر کرداری هەرسکردن ئاسان دەکات‌و یارمەتی مژینی پێکهاتەکانی خۆراک دەدات بۆ جەستە، هاوکات نانی جۆ هۆکارە بۆ دابەزاندنی کێش بەهۆی ئەوەی زۆربەی کات وا هەست دەکەیت تێریت‌و ئارەزووی خواردن کەم دەکات.
دەربارەی نانی سپی(گەنم)، ئەگەر بێت‌و کەپەکەکەی لا نەبرێت‌و نەبێژرێتەوە، هەمان سوودی نانی جۆی هەیە، بەڵام تا ئێستا نەبووە بە نەریت لە 
شوێنە گشتییەکان لەپاڵ نانی سپی نانی بۆر(جۆ) بەکاربهێنرێت بە تایبەتی لەو شوێنانەی خواردنی خێراو لەفەی لێ دەفرۆشرێت.

سەرچاوە: پەیجی لەشکر حەمید
 ئەندازیاری خۆراک و سەرۆکی لیژنەکانی پشکنین‌ و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.

Author